لە درێژەی داڕمانی ئابووری و قەیرانە قووڵەکانی کۆماری ئیسلامی، عەلی بابایی کارنامی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ڕێژیم، دانی بەوەدا نا کە تەنیا لە دوای شەڕی ۱۲ ڕۆژەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، زیاتر لە یەک میلیۆن و ۷۰۰ هەزار کرێکار لە سەرانسەری ئێراندا کارەکانیان لەدەست داوە و ڕووبەڕووی بێکاری بوونەتەوە.
ئەم ئامارە کە لەلایەن نۆینەرێکی مەجلیسی ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە تێچووی سیاسەتە سەرکوتکەر و شەڕخوازانەکانی ڕێژیمی تاران پێش هەموو توێژێک، بەرۆکی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی گرتووەتەوە.
کرێکارانی بێکاربوو لە دۆخێکی کارەساتباردا بەبێ هیچ پشتگیرییەکی یاسایی و بژێوی بەجێهێڵراون، لەکاتێکدا دامودەزگاکانی ڕێژیم سەرقاڵی خەرجکردنی سامان و داهاتی وڵات لەسەر پڕۆژە نوقمبووەکانی ئەتۆمی و تێچووی سەربازین.
بابایی کارنامی ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدەن گەڵاڵەیەکی خێرا بۆ درێژکردنەوەی بیمەی ئەم کرێکارانە پەسەند بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا، کەڵەکەبوونی قەرزی قورسی خاوەنکارەکان بۆ ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئەمنییەتی کار، کرێکارانی لە ئێران بەرەو داڕمانی تەواوەتی بردووە.
ئەم دۆخە نالەبارە نیشانەی بنبەستی ئابووریی ڕێژیمێکە کە لە بەرانبەر قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیدا، تەنیا بە سەرکوت، هەژارکردنی بەمەبەست و پشتگوێخستنی چینی چەوساوە وڵامی داواکارییەکان دەداتەوە.