
مستەفا مەولوودی
دوکتور سادق شەرەفکەندی لە وتووێژ لەگەڵ «چشم انداز»دا کە لە ژمارەی ١١ی ئەو گۆڤارە لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە ڕستەیەک دەکا کە ئەگەر هەر بە تەنیا ئەو دێڕە کورتە بخوێنینەوە، کەمێک ڕادەمێنین و دەڵێین بۆ دەبێ ناوبراو ئەو بابەتەی بەم جۆرە فۆرمۆلە کردبێ؛ بەتایبەت کە لە ئامانجە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، بە ڕوونی هاتووە کە «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێدەکۆشێ بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کوردستان.»
ئەگەر لە بابەتەکە ورد بینەوە، باسەکە لەسەر کەمینە و زۆرینە لە پێکهاتە و نەتەوەکانی دانیشتووی قەوارەی ئێران کراوە و سەرانسەری مێژووی قەوارەی ئێران نیشان دەدات کە فارس، ئازەری، کورد، بەلووچ، تورکمەن و عەرەبی تێدا بوون و هەر بەو پێیە ناوبراو،
ئێرانیبوون بە واتای فارسبوون نازانێ و ڕوونی دەکاتەوە، چونکە فارس بە ژمارە و حەشیمەت لە نەتەوەکانی دیکە زیاترن، بەو مانایە نییە ئەوان ئێرانیی ڕەسەن و خاوەنی مافی زیاترن.
دوکتور سەعید دەڵێ: «خەڵکی هیچ کام لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، سەبارەت بە پرسێک کە پێوەندیی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە، نابێ خۆیان بە نوێنەر و دەمڕاستی خەڵکی کوردستان بزانن؛ وەک خودموختاریی کوردستان کە دەبێ پێشتر پرس بە خەڵکی کوردستان بکرێ.»
هەروەها دوکتور سەعید لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی «فیدایی»دا دەڵێ: «هەڵبەت من قەت فارسەکانم پێ شۆڤینیست نەبووە و تەنیا مەبەستم دەسەڵاتی ناوەندە کە تۆمەتی جیاخوازی لە جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەدات.»
دوکتور سەعید لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەی «فیدایی»دا دەڵێ: «کوردەکان ڕەسەنترین دامەزرێنەری ئێرانن، بۆیە پێویست ناکا کەسانی دیکە ئامۆژگاریی کورد بکەن و ڕووناکبیری ئێرانی دەبێ ڕوانینێکی دێموکراتیکی هەبێ؛ سەبارەت بە ئێران دەبێ وا بیر بکەنەوە و تێ بگەن کە پێکهێنانی وڵاتێک و ژیان لە چوارچێوەیەکی جوگرافیاییدا، تەنیا لە ڕووی ویست و مەیل و هەستێکی قووڵ و ئارەزوومەندانەوە مسۆگەرە، نەک لە ڕووی زەخت و چوارچێوەیەکی لەپێشدا داڕێژراو.»
دوکتور سەعید دەڵێ: «واقیعییەت ئەوەیە کە کوردەکانی ئێران ئەگەر شتێکیان زیاتر لە نەتەوەکانی ئێران نەوێ، کەمتریان ناوێ. ئەوە ڕاستە ئێران بە درێژایی مێژوو لە یەکگرتوویی نەتەوە جیاجیاکان پێکهاتووە، بەڵام هیچ شتێک هەتاهەتایی نییە. چ هۆیەک هەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر چەند نەتەوە، هەزار و پێنجسەد ساڵ پێکەوە ژیابن، ئێستا ناتوانن لێک جیا ببنەوە و بە جیا بژین؟ دونیا لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە و شتێکی سروشتییە کە دۆستایەتییەکان، ڕێکەوتنەکان و پێکەوەژیانەکان و ڕوانینەکان هەر هەموویان دەگۆڕێن.»
دوکتور سەعید دەڵێ: «هیچ واقیعییەتێکی مێژوویی ناتوانێ ئەوە بسەلمێنێ کە نەتەوەکانی ئێران، هەمیشە بەیەکەوە ژیاون.» لەو بابەتەدا نموونە بە ئەفغانستان و تاجیکستان دێنێتەوە و دەڵێ: «ئەوانە جیا بوونەوە و دونیاش خراپ نەبووە؛ بۆچی ئێستا ناکرێ جیابوونەوە بکرێت؟»
کاتێک کۆی ئەو وتووێژ و لێدوانانەی دوکتور سەعید کە لە کاتی خۆیدا کردوویەتی، لەسەر یەکیان کۆ بکەینەوە و لە پەنا یەکتریان دابنێین، بە ڕوونی دیارە کە ئێرانیبوون بە مێژوو دەبەستێتەوە و مانەوەی کورد لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا بە دابینکردنی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە؛ و لە درێژەی ئەو جۆرە تێفکرین و سیاسەتەدا، مافی بە خەڵکی هیچ کام لە ناوچەکانی ئێران نەداوە کە خۆیان بە نوێنەر، وەکیل و دەمڕاستی گەلی کورد بزانن.