کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە قوتابخانەکانی کوردستاندا داوای پارە و پلاکی ناسینەوەی تەرم لە قوتابییان دەکرێت

09:52 - 2 خەزەڵوەر 2726

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە قوتابخانەکاندا گوشاری توندی خستووەتە سەر قوتابییان و داوایان لێ کراوە پلاکی تایبەت بە ناسینەوەی تەرم (هاوشێوەی پلاکەکانی سەردەمی شەڕ) هەڵگرن، تاکوو لە ئەگەری شەڕ و بۆمبارانکردنی قوتابخانەکاندا، تەرمەکانیان بناسرێنەوە. بۆ ئەم پلاکە جەنگییانە، داوای بڕی ٦٠٠ هەزار تمەن لە قوتابییان کراوە.

لە یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی کوڕانەدا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەرپرسی قوتابخانەکە ڕووی لە قوتابییان کردووە و وتوویەتی: «لە سبەینێوە هەرکەس پلاکی پێ نەبێت با نەیەتەوە بۆ قوتابخانە!»

ئەم بڕیارە وای کردووە کە ژمارەیەک لە بنەماڵەکان، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانیی پاراستنی گیانی منداڵەکانیانن، ئامادە نەبن ئەو پارەیە بدەن و منداڵەکانیان لە ماڵەوە دەخوێنن. لە دۆخی ئابووریی نالەباری ئێستادا، تێچووی ئەم پلاکە گوشارێکی دارایی قورس دەخاتە سەر بنەماڵەکان. لەلایەکی ترەوە، بەکارهێنانی قوتابخانەکان وەک بنکە بۆ مانەوەی هێزەکانی ڕێژیم، بەتایبەت لە دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژە، مەترسیی سەر گیانی قوتابییانی زیاتر کردووە. ئەم هەڵسوکەوتەی ڕێژیم کە نیشانەی ترس لە دەسپێکردنەوەی شەڕە، وا دەکات کە کۆمەڵێک منداڵ سەرەڕای کێشە ئابووری و پەروەردەییەکان، لە خوێندن دابڕێن.