دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی تر هۆشداریی توندی ئاراستەی ڕێژیمی تاران کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی تری هاوشێوەی "تووڕەیی حەماسی" لە ئارادایە، مەگەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکات.
ترامپ لە وتارێکدا لە ویلایەتی فلۆریدا وتی: "ڕەنگە ئۆپەراسیۆنێکی تووڕەیی حەماسیی بچووکی تر ئەنجام بدەین، یانیش ئەوان ناچار بە ڕێککەوتن ببن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاران عاقڵ بن، دەست بە دانوستانی جیددی دەکەن، بەڵام بە دووری دەزانێت توانا و ئیرادەی کارێکی لەو شێوەیەیان هەبێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنگتۆن لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"دا توانای پیتاندنی ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندووە و درێژەی ئەرکەکانی لە ڕێگەی "تووڕەیی حەماسی"یەوە تەواو کردووە.
ناوبراو ڕێژیمی تارانی لە ڕووی سەربازی و داراییەوە بە شکستخواردوو ناو برد و دووپاتی کردەوە ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا ڕێگرییکردنە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، تەواوی جیهان دەکاتە بارمتەی سیاسەتەکانی.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترامپ ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی سەردەمی باراک ئۆباما گرت و بە یەکێک لە خراپترین ڕێککەوتنەکانی مێژووی وەسف کرد کە ڕێگەی بۆ چەکداربوونی ئەتۆمیی ڕێژیم خۆش کردبوو.