لەکاتێکدا گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتوونەتە لووتکە، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە و عێراق، هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لەپێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی کۆنگرە ڕەت نەکردەوە.
تام باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە و عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پۆدکاستی "ماریۆ نەوفڵ"، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە حەفتەی داهاتوو، ئەو ئەگەرەی بە هیچ شێوەیەک ڕەت نەکردەوە و بە کراوەیی هێشتیەوە.
باراک جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخاندنی ڕێژیم لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەتی ئەمریکا نییە و واشنگتۆن چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان ڕاگەیاندووە و دەرگای ڕێککەوتنی کردووەتەوە، بەڵام تاران لە بڕی بەکارهێنانی ئەو دەرفەتانە، گەرووی هۆرمۆزی وەک ئامرازی گوشار بەکار هێناوە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوە کرد ئەمریکا دەتوانێت بەپەلە کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بهێنێت.
ترامپ بە ئاماژەدان بە قەیرانی ئابووریی ئێران وتی: "ئەوان تووشی هەڵاوسان بوون و پارەیان نەماوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کارەکەیان بە یەکجاری تەواو بکەین یان بەپێی کات بەهێواشی تووشی داڕمان بن؟ چونکە پێدەچێت گەیشتبینە هەموو ئەوەی دەمانویست."