کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی مەنووچێهر فەلاح بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران

10:13 - 2 خەزەڵوەر 2726

دیوانی باڵای ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی مەنووچێهر فەلاحی لە بەندیخانەی ڕەشت بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران پشتڕاست کردەوە و دۆسییەکەی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکان لە ڕەشت ناردووە.

مەنووچێهر فەلاح، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۶۳، بەندکراو لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت، لە جۆزەردانی ۱۴۰۲ لە فرۆکەخانەی ڕەشت دەسبەسەر کرا و لە ڕێبەندانی ۱۴۰۳ لە لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی ڕەشت بە سەرۆکایەتیی "محەممەدعەلی دەروێش گوفتار" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا ئەم سزایە لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەند کراوە، لەلایەن لقی ۱۵ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر بە فەرمی بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

دوای زیادبوونی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێراندا، حیزبەکان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی بۆ ڕزگارکردنی گیانی بەندکراوانی سیاسیی وڵات داوای هەنگاوی بەپەلە و کاریگەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردووە.