کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی بەلووچستان سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکی ساڵی خوێندندا، هێشتا بێ بەڕێوەبەر و مامۆستان

10:27 - 2 خەزەڵوەر 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، قوتابخانەی ئاواییەکانی ناوچەی باهوکولاتی شاری دەشتیاریی بەلووچستان هێشتا بێ بەڕێوەبەر و مامۆستان و قوتابییانی ئەم ئاواییانە لە دۆخێکی سەرگەردانی و بێبەشبوونی تەواوی پەروەردەیدا دەژین.

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، قوتابییانی ئەم ناوچە بێ خزمەتگوزارییە هەموو ڕۆژێک بە هیوا پێکهێنانی پۆلەکانی وانەوتنەوە و ئامادەبوونی مامۆستا دەچنە قوتابخانە، بەڵام بەهۆی دیارینەکردنی بەڕێوەبەر و دابینەکردنی مامۆستا لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمەوە، کاتەکانیان بە سەرگەردانی بەسەر دەبەن و بە بێهیواییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

بەردەوامیی ئەم دۆخە و لەدەستچوونی بەشێکی بەرچاو لە کاتی خوێندن لەپاڵ قەیرانی کەمیی کتێبە دەرسییەکان و پێداویستییەکانی خوێندن، نیگەرانیی قووڵی لەناو بنەماڵەکاندا سەبارەت بە دابەزینی خێرای ئاستی خوێندن و ئەگەری وازهێنانی زۆرەملێ لە خوێندن بۆ منداڵەکانیان دروست کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش ڕاپۆرتی زۆر سەبارەت بە نەبوونی مامۆستا لە ئاوایی و ناوچەکانی دیکەی بەلووچستان بڵاو کرابووەوە؛ بابەتێک کە نیشاندەری بەربڵاویی قەیرانی کەمیی هێزی پەروەردەیی و خراپ بەڕێوەبردنی پێکهاتەیی لەم پارێزگایەدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی بڕگەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بەخۆڕایی و گشتی تا کۆتایی خولی ئامادەیی لە ئەرکەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییە.

هەروەها بەپێی مادەی ٢٨ی پەیماننامەی مافی منداڵ کە ڕێژیمی تارانیش واژۆی کردووە، وڵاتانی ئەندام ئەرکدار کراون مافی منداڵ بۆ خوێندن بە فەرمی بناسن و دەرفەتی دەستپێڕاگەیشتنی یەکسان و ڕێکخراو بۆ هەموو منداڵان بێ هیچ جۆرە جیاکارییەکی جوغرافی یان نەتەوەیی دابین بکەن. بێباکانە تێپەڕبوون بەسەر سەرگەردانیی یەک مانگەی قوتابییانی بەلووچستاندا، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەم مافە بنەڕەتییانە هەژمار دەکرێت.