ڕۆژی هەینی ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، گرووپی شاخەوانیی چلچەمەی سنە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و خاوێنکردنەوەی مێرگەوار لە ئاوایی نییەر، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، هەڵمەتێکی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد.
لەو هەڵمەتەدا، شاخەوانان ژینگەی مێرگەوار هەوارگەی ئاوایی نییەریان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.
ئەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییە لە کەشێکی هاوڕێیانەی ئەندامانی گرووپدا بەڕێوە چووە و داوایان لە گرووپەکانی دیکە و گەشتیاران کردووە کە بۆ خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی کوردستان تێبکۆشن و هاوکاریان بن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە هاوکاریی گرووپە شاخەوانییەکان و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان، خەڵکی پاریزگاکانی کوردستان لە بواری ژینگەییەوە ئاگاتر بوونەتەوە و لەو بوارەشدا زۆر چالاکە هەنگاو دەنێن.