سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەمیر پەرویززادە خەڵکی شاری بەدرەی ئیلام زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و محەممەد لوتفیفەر، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، کە پێشتر سزای ٥ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۵ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «ئەمیر پەرویززادە»، لاوی خەڵکی شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، هێشتا چارەنووسی ناڕوونەوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا ڕاگیراوە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها ئازادیی کاتی بێبەش کراوە.
ناوبراو ڕۆژی ۷ی ڕەزبەر، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری بەدرە دەسبەسەر کراوە.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، محەممەد لوتفیفەر، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۵ ساڵ و ۵ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواستراوەتەوە.