کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی گوتاری ئیسلامی سیاسی بە ڕووی چەپ، لیبراڵیزم و ناسیۆنالیزم چاپ و بڵاو کرایەوە

10:42 - 2 خەزەڵوەر 2726

کتێبی گوتاری ئیسلامی سیاسی بە ڕووی چەپ، لیبراڵیزم و ناسیۆنالیزم لە نووسینی مامۆستا مەلاعەلی سێڵاو، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چاپ و بڵاو کرایەوە.

نووسەر سەبارەت بەم کتێبە بە کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "کتێبەکە دەرئەنجامی خەمێکی فیکری و ئەخلاقییە، نەک پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی. ئەم کتێبە نە دژایەتیی ئایینە و نە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی باوەڕی ئیمانی کۆمەڵگە؛ بەڵکوو لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئایین و دەسەڵاتی سیاسی بە ناوی ئایینەوە، و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەهۆی سیاسیکردنی ئایینەوە لە هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگەدا درووست دەبن، پرسیار دەکات.

ئەم کتێبە، لە گفتوگۆ و ناکۆکیی فیکریدا لەگەڵ ڕەوتە چەپەکان، لیبڕالیزم و ناسیۆنالیزم، بانگهێشتێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە دوو پرسیاری بنەڕەتی:

یەکەم: چۆن ئایین، کە دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ واتادان بە ژیان و پەروەردەکردنی ئەخلاق، دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سەرکوتکردنی ئازادییەکانی مرۆڤ؟

دووهەم: چۆن دەتوانین، لە هەمان کاتدا کە بەرگری لە ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانمان دەکەین، باوەڕی ئایینی خۆشمان بپارێزین و ڕێگا نەدەین ئایدیۆلۆژی باوەڕەکەمان بکاتە ئامرازی دەسەڵات و ملکەچکردن؟

ئەم دوو پرسیارە ناوەندی فیکریی ئەم کتێبەن. چونکە کێشەی سەرەکی لە بوونی ئایین یان باوەڕی ئایینیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە چۆن ئایین لە ژیانی ڕۆحی و ئەخلاقیی مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ بواری ململا‌نێی سیاسی و دەسەڵاتداری.

لەم پەرتووکەدا، گێڕانەوەی فیقهی و بانگەشەی ئایینی وەک بنەمای سەرەکیی شیکاری بەکار  نەهاتوون؛ هەروەها شیکارییەکە پشت بە ڕوانگەی تاک و لایەنێکی سیاسی یان ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو نابەستێت. ڕێبازی کتێبەکە ڕەخنەیی، شیکاری و ئەخلاقییە و زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی مێژوویی و ژیاوی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، لۆژیکی کارکردنی دەسەڵات و دەرئەنجامە سایکۆلۆژییەکانی سیاسیکردنی ئایین لە ناخی تاک و کۆمەڵگەدا.

مەبەست ئەوە نییە کە ئایین بە بەرپرسی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە بناسرێت، بەڵکوو ئەوەیە بزانین چۆن هەندێک ڕەوت و ڕێکخراوی سیاسی، بە ناوی ئایینەوە، دەسەڵات بەرهەم دەهێنن، ڕەوایی بۆ خۆیان دروست دەکەن و سنووری نێوان باوەڕی کەسی و ملکەچبوونی سیاسی تێک دەدەن.

لە ڕاستیدا، ئەم کتێبە بۆ ئەو باوەڕدارانەیە کە دەیانەوێت بە ئایینی ئیسلامەوە بژین، بەبێ ئەوەی لەلایەن ئایدیۆلۆژییوە بەدیل بگیرێن؛ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت باوەڕیان بپارێزن، بەڵام ئازادیی بیرکردنەوە و ویژدانیشیان لەدەست نەدەن؛ بۆ ئەوانەی باوەڕیان وایە کە پاراستنی ئایین پێویستی بە پاراستنی دەسەڵاتی ئەو کەسانە نییە کە بە ناوی ئایینەوە قسە دەکەن.

ئامانجی کۆتایی ئەم کتێبە ئەوە نییە کە باوەڕ لە باوەڕدار دابڕێت بەڵکوو ئەوەیە کە مرۆڤ لە دەسەڵاتێک ڕزگار بکات کە بە ناوی باوەڕەوە داوای ملکەچبوونی بێمەرج دەکات بۆ ئەوەی خۆی دەسەڵاتی بەسەردا بکات بە ناوی ئایینەوە، چونکە باوەڕێک کە لەگەڵ ئازادی و ویژدانی مرۆڤدا ناکۆک بکرێت، لە مەترسیدایە کە ببێتە ئامرازی دەسەڵات؛ بەڵام باوەڕێک کە پەیوەست بە ئەخلاق و ئاشتی و ڕێزگرتن لە مرۆڤدا بێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی تاک و کۆمەڵگە.