کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکات بێسێنت: لە دوو مانگدا شادەماری نەوتی کۆماری ئیسلامیمان لەکار خست

10:48 - 2 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی ستراتێژیی واشنگتۆن بۆ داڕزاندنی ئابووریی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، زەبری قورسی لە بەشە سەرەکییەکانی تۆڕی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی داوە و ئەم هەنگاوە نوێیە ڕاستەوخۆ سەرچاوە داراییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کردووەتە ئامانج و ڕێژیمی تووشی پەککەوتنی دارایی تەواو کردووە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند واشنگتۆن لە کەمتر لە دوو مانگدا زەبرێکی کوشندەی لە بەشە سەرەکییەکانی تۆڕی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی داوە و سەرچاوەکانی داهاتی سپای پاسدارانی بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.

بێسێنت ئاماژەی بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"کرد بۆ توندترکردنی گوشارەکان و بلۆکەکردنی تەواوی کاناڵە داراییەکانی ڕێژیم.

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، کەشتیگەلی سێبەری نەوتهەڵگرەکانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی پەککەوتوون، وێستگە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوتی تاران بەتاڵ بوونەتەوە و نەوتە کۆگاکراوە سەر کەشتییەکانیشیان کۆتایی پێ هاتووە.

بێسێنت باسی لەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ئێران، سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی توندوتیژی و تێرۆریزم لە دەرەوەی سنوورەکان خەرج دەکات، بەم هۆیەوە خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی زۆر قووڵتر بوونەتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: "ئەمریکا چیتر کۆنتڕۆڵی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ناکات، بەڵکوو ئێمە خەریکی کۆتاییهێنانین پێیان."