یانەی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە بەبۆنەی دانانی تابلۆی لەسەر لووتکەی شاخی فەڕەنگ و تۆمارکردنی ناسنامەی ئەو لووتکەیە کە بەرزترین لووتکەی شارستانی نەغەدەیە، بەیاننامەیەکی ئاراستەی سەرجەم پێشەنگەکان و ناودارانی وەرزشی شاخەوانی کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "ئەم تابلۆیە تەنیا نیشانەیەکی جوغرافیایی نییە؛ بەڵکوو هێمای هاوسۆزی، یەکڕیزی و شانازی بە مەڵبەندی نەغەدەیە و نەغەدە، شاری پێکەوەژیانی نەتەوەکان و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکانە و هەمیشە پیشانی داوە کە جیاوازیی زمان، نەتەوە و ئایین ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم هاوکاری و هاوسۆزیدا".
لەو هەڵمەتە شاخەوانییەدا یادی گیانبازانی شاخەوانیی یانەی کاویانی نەغەدە و گرووپە شاخەوانییەکانی تری نەغەدە بەرز ڕاگیرا و لە سەرووی هەمووشیانەوە، یادی محەممەد هەوراز، ئەستێرەی درەوشاوەی شاخەوانیی کوردستان، ئێران و جیهان کرایەوە.
هەروەها لەو ڕاگەیاندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "چیا ئەمانەتە و گرووپە شاخەوانییەکان دەبێت پێشەنگی ڕۆشنبیری، پەروەردە و بەرپرسیاریەتی بن بەرانبەر بە سروشت؛ خاشاک فڕێ نەدەن و خاشاک کۆ بکەنەوە، زیان بە داپۆشراوی ڕووەکی و ژیانی کێوی نەگەیەنن و ئەم کولتوورە بۆ منداڵان و لاوان بگوازنەوە. ئێمە دەبێت باڵیۆزانی سروشت بین، نەک تەنیا سەرکەوتن بەسەر لووتکەکان".
هەروەها لە کۆتاییدا شاخەوانان ڕایانگەیاند کە هیوادارین ئەم تابلۆیە، هێمای یەکڕیزی، یادەوەریی کۆچکردووان و پابەندبوونی ئێمە بێت بە سروشتەوە.