سیاسەتی پشتگوێخستن و دابیننەکردنی بودجەی پێویست لەلایەن ڕێژیمی ناوەندییەوە، سیستەمی تەندروستیی پارێزگای ئیلامی تووشی قەیرانێکی زۆر قووڵ کردووە.
لە کاتێکدا نەخۆشخانەکانی ئیلام بەدەست کەمیی بەرچاوی هێزی مرۆیی، نەبوونی شوێنی پشوودان بۆ کادرەکان و گوشاری زۆری سەر کارمەندانەوە دەناڵێنن، بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگاکە هۆشداری لە پەککەوتنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەدەن.
ئیبراهیم سەلیمی، بەڕێوەبەری پەرستاری لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام، ئاشکرای کرد کە بۆ گەیشتن بە ئاستانەی پێوانەیی، کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە ڕووبەڕووی کورتهێنانی دیاری ٦٨٢ پەرستار و ١٨٠ یاریدەدەری پەرستار بووەتەوە.
ئێستا کۆی گشتیی کادرەکانی پەرستاری، ژووری نەشتەرگەری و هۆشبەری لە تەواوی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکەدا تەنیا هەزار و ٥٣٦ کەسن، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدار بۆ سەلامەتیی نەخۆشەکانە.
سەلیمی ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی مانەوەی کارمەندان و داواکاریی بەردەوامی هێزە ناخۆجێییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکانی خۆیان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان.
هاوکات ٦٨٪ی کادرانی پەرستاری لە ئافرەتان پێکهاتوون و بێبەشبوون لە ئێمتیازاتی شایستە و نەبوونی شوێنی پشوودانی گونجاو، بووەتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونیی قورس لەسەر کارمەندان.
جگە لە کورتهێنانی بەرچاوی هێزی مرۆیی، نەبوونی هۆڵ و شوێنی ڕاهێنانی ستاندارد و تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی پەرستاران، ئاستەنگی جیددیی لە بەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە.