لە کاتێکدا گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی گەیشتوونەتە لووتکە، ڕێژیمی ئێران دەستی بە سەرکێشییەکی مەترسیداری نێودەوڵەتی کردووە.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە کۆماری ئیسلامی پیلانەکانی بۆ تێرۆرکردنی بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات گەیاندووەتە قۆناغی جێبەجێکردن، ئەمەش واشنگتۆنی ناچار بە کەمکردنەوەی ئامادەیی دیپلۆماسی لە ناوچەکە کردووە.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند دەستی بە یادداشتێکی هەواڵگری گەیشتووە کە ئاڕاستەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کراوە. لە یاداشتەکەدا جەی کلەیتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، هۆشداریی توندی داوە لە زیادبوونی هەڕەشەکان لەسەر کارمەندانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشنیاری کردووە زانیارییە هەستیارەکان لە پۆلێنی نهێنی دەرهێنرێن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە بەر مەترسی ئاگادار ببنەوە.
ئەم هۆشدارییە هاوكاتە لەگەڵ چۆڵکردن و کەمکردنەوەی بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عەرەبستان، ئێمارات، لوبنان، قەتەر و ئۆردۆن.
بەرپرسێکی ئەمریکایی جەختی کردەوە کە پیلانەکانی تاران بۆ تێرۆر لەگەڵ هەڕەشەی حوسییەکان هۆکاری سەرەکیی ئەم کەمکردنەوەیەن.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترامپ دووبارە ئەگەری کردەی سەربازیی دژی تاران هێناوەتە ئاراوە؛ بابەتێک کە نیشانی دەدات واشنگتۆن ئامادەی وڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەیە لە بەرانبەر هەر سەرکێشییەکی ڕێژیمی ئێراندا.