کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژاوەگێڕیی دەریایی ڕێژیم؛ تۆمارکردنی ٢٨ هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە مانگی ئۆکتۆبر

13:49 - 2 خەزەڵوەر 2726

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە هێرشەکانی بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز گەیاندووەتە ئاستێکی بێوێنە. ئەم ئاژاوەگێڕییە دەریاییانە کە بە مەبەستی تێکدانی بازاڕی وزەی جیهانی و دروستکردنی قەیرانی ئابووری ئەنجام دەدرێن، ڕووبەڕووی مەحکوومکردنی نێودەوڵەتی بوونەتەوە، سەرباری ئەوەی نەیانتوانیوە ڕەوتی هەناردەکردنی نەوت ڕابگرن.

پەیمانگەی "واشنگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک" ئاشکرای کرد تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبردا ٢٨ هێرشی پشتڕاستکراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار کراون، بەمەش کۆی هێرشەکان لە دەستپێکی شەڕەوە بۆ ١١٣ پەلامار بەرز بووەتەوە.

هاوكات، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی دەریایی نێودەوڵەتی و داتای"مارین ترافیک"، تا ئێستا زیاتر لە ۳۰ نەوتهەڵگری زەبەلاح کە ئەمنییەتی وزەی جیهانی دابین دەکەن، بوونەتە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سپای پاسداران، کە ١١ دانەیان لە مانگی ئۆکتۆبر کراونەتە ئامانج.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، سەرباری ئەم مەترسییانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێی ڕۆژانەی نەوتهەڵگرەکان بۆ زیاتر لە یەک میلیۆن دۆلار و دابەزاندنی نرخ لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەک میلیۆن بەرمیل زیادی کردووە.

کۆمپانیای "تانکێر تراکێرز" جەختی کردەوە هەناردەی عەرەبستان ١٠٪ و ئێمارات ٦٪ زیادی کردووە، لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕاستی مانگی ژووئیە گەیشتووەتە سیفر.

سەرباری ئەم هێرشانەی تاران دژی بازاڕی وزە، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پەیامەکە ڕوونە؛ سەرکێشی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە گواستنەوەی وزە پەک بخەن و هەناردەی نەوتی ناوچەکە تەنانەت ئاستی پێش شەڕیشی تێپەڕاندووە.