بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کچە وەرزشوانێکی لاوی خەڵکی سەقز، لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا، هەوڵی خۆکوژیی دا.
ڕۆژان ئیبراهیمی، تەمەن ٢٠ ساڵ و وەرزشوانی ڕشتەی MMA، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە ڕۆژان لە حەفتەی ڕابردوودا و پاش ئازادبوونی کاتی، بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە بەر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم. ئەم گوشارانە لە ئاستێکدا بوون کە ڕۆژان ناچار بووە هەوڵی خۆکوژیی بدات.
ڕۆژان پاش ئەم هەوڵە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی کراوە و هەتا ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و پاش پێڕاگەیشتنی پزیشکی و دوورکەوتنەوەی لە مەترسیی گیانی، بەهۆی پاراستنی گیانی، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ ماڵەوە و پەرستاری تایبەتیان بۆ گرتووە.
پێشتر و لە کاتی دەسبەسەرکرانی ڕۆژاندا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر دوو لاپەڕەی ئینستاگرامی تایبەتی ڕۆژاندا گرتبوو. دواتریش خودی ئیتلاعات بەبێ ئاگاداری خۆی و بە ناو و ناسنامەی ڕۆژانەوە پەیجێکی دیکەیان بۆ کردووەتەوە.
گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بەندکراوان و بەتایبەت بەندکراوانی ژن، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەم شێوەیە گیانی ژنان و کچان کەتووەتە مەترسیی جیدییەوە.