کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئێران بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر هەنگاو دەنێن

08:26 - 3 خەزەڵوەر 2726

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای دەکات کە هەڕەشەکان و زانیارییە هەواڵگرییە تازەکان، واشنگتۆن و تارانیان خستووەتە هەستیارترین قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا بەزر بووەتەوە.

نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە تاران پیلانەکانی بۆ بەئامانجگرتنی دیپلۆماتکار و باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت لە نێوخۆی ئەمریکاشدا گەیاندووەتە قۆناغی جێبەجێکردن.

لە بەرانبەردا، واشنگتۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامدانی بەربڵاوترین هێرشی سەربازی دەکات. بەرپرسانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بانکێکی بەرفراوانی ئامانجەکانیان ئامادە کردووە کە ژێرخانی وزە و ناوەندە گرنگەکانی ئابووریی ئێران لەخۆ دەگرێت، هاوکات دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە بەم زووانە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کردەی سەربازی بڕیار دەدات.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی کە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەرییان لەسەر هەڵسەنگاندن و مژارەکانی سەرکردەی هەردوو وڵات دەبێت و پێشبینیی کردووە کە نێتانیاهوو تەنانەت لە ئەگەری شکستیش لە هەڵبژاردندا، بیر لە ئەنجامدانی هێرشێکی کۆتایی بکاتەوە و ترامپیش دەیەوێت نیشانی بدات کە دەسەڵات و شکۆی وەک فەرماندەی گشتی کەم نەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوو بەرپرسی ئەمنییەتی و بەرپرسێکی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ نیویۆرک تایمز ئاشکرایان کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئەمریکایان خستووەتە نێو بانکی ئامانجەکانیان و هەڕەشەی تێکدانی کابلە ژێردەریاییەکانی ئینتێرنێت و ژێرخانی وزەی ناوچەکە دەکەن.

هەروەها، مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری قاڵیباف ئەم قۆناغەی بە شەڕی "مان و نەمانی ئێران" ناوزەد کردووە.