کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام بژاردەکانی لێدانی بنکە ئەتۆمی و ئابوورییەکانی ئێرانی ئامادە کردووە

08:36 - 3 خەزەڵوەر 2726

ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "هیڵ" بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) کۆمەڵێک بژاردەی سەربازیی کتوپڕی بۆ وڵامدانەوەی ڕێژیمی ئێران داڕشتووە و خستوونیەتە بەردەست دەوڵەتی ترامپ. ئامادەکارییە سەربازییەکان نیشانی دەدەن واشنگتۆن خۆی بۆ لێدانی بنکە گرنگ و ئابوورییەکانی تاران ئامادە کردووە و بڕیاری کۆتایی لە دەستی دۆناڵد ترامپدایە.

بەپێی زانیارییەکانی گۆڤارەکانی "هیڵ" و "ئاتلانتیک"، ئۆپەراسیۆنە پێشنیارکراوەکانی سێنتکام چەندین ڕۆژ هێرشی ئاسمانیی چڕ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، توانای مووشەکی و دڕۆنی و ژێرخانی وزەی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت.

ئەم داڕشتنەوە سەربازییانە دوای سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ نێتانیاهوو خێراتر بوون.

لەکاتێکدا هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکرێت، تام باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەگەری کردەی سەربازیی کتوپڕ و دەستبەجێ، زۆر بەهێز و مسۆگەرە.

هاوكات دۆناڵد ترامپ جەختی کردووەتەوە کە هیج بژاردەیەکی لەسەر مێز وەلا نەناوە و ڕایگەیاند: "یان وڵامێکی سەربازیی هاوشێوەی تووڕەیی حەماسی دەدرێنەوە، یان دەبێت تاران بێتە ژێر باری ڕێککەوتن."