کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئیسپانیا تێوەگلانی ڕێژیمی تارانی لە هەوڵی تێرۆری سەرکردەیەکی ئورووپایی پشتڕاست کردەوە

08:46 - 3 خەزەڵوەر 2726

داواکاری گشتیی دادگای نیشتمانیی ئیسپانیا لە تۆمەتنامەیەکی فەرمیدا، پەلاماردان و هەوڵی تێرۆرکردنی "ئالێخۆ ڤیدال کوادراس"، جێگری پێشووی پارلەمانی ئورووپای بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەستەوە و سزای تا ٢٧ ساڵ بەندکرانی بۆ تاوانباران داوا کرد.

ڕۆژنامەی "ئەلپایس" ئاشکرای کرد کە داواکاری گشتیی ئیسپانیا، تەقەکردن لە ڤیدال کوادراسی لە مادرید خستووەتە چوارچێوەی کارزاری تێرۆریستیی تارانەوە، کە ئامانج لێی ڕاوەدوونان، تۆقاندن و تێرۆرکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتە.

کوادراس لە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە مادرید تەقە لە دەموچاوی کرا، بەڵام بەهۆی فریاگوزاریی خێراوە لە مەرگ ڕزگاری بوو.

داواکاری گشتی بۆ "مەهرەز عەیاری" کە تۆمەتباری سەرەکیی تەقەکردنەکەیە داوای ۲۷ ساڵ بەندکرانی کردووە؛ ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢٤ لە هۆلەند لە کاتی پیلانگێڕی بۆ پەلاماردانی نەیارێکی دیکەی ڕێژیمی تاران دەسبەسەر کرابوو.

ئەم بڕیارەی دادگا هاوكاتە لەگەڵ بەڵگە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان کە ئاشکرای دەکەن تاران تاوانبارانی بەکرێگیراو بۆ سڕینەوەی جەستەیی و تێرۆری دیپلۆماتکار و نەیارەکانی لە ئورووپا و ئەمریکا بەکار دەهێنێت.