کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدان ئیلیا بن‌ڕەشید لە دەسبەسەرکرانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤

09:28 - 3 خەزەڵوەر 2726

«ئیلیا بن‌ڕەشید»، لاوی ٢٣ ساڵەی خەڵکی شاهین‌شاری ئێسفەهان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕووبەڕووی سزای قورسی لەسێدارەدان بووەتەوە و ئەگەری لەسێدارەدانی خێرای لە ئارادایە.

دۆسییەی ئەم لاوە تێکەڵی چەندین لایەنی نیگەرانکەری وەک ئەشکەنجەدان، بوونی شوێنەواری شینبوونەوە و لێدانی بەرفراوان لەسەر جەستەی، بێبەشبوون لە خۆراک، دانپێدانانی زۆرەملێ کە ئیلیا چەندین جار ناڕەزایەتیی بەرانبەریان دەربڕیوە و نەبوونی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە قۆناغەکانی سەرەتایی لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئیلیا ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، کاتژمێر ٨ی شەو، لە کاتێکدا بۆ پێدانی پارەی کرێی خانووەکەی لە ماڵ چووبووە دەرەوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی ئەندامانی بنەماڵەکەی، ئیلیا لە یەکەم پەیوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ئەشکەنجە، بێبەشبوون لە خۆراک و دۆخی قورسی دەسبەسەرکردن کردووە و شوێنەواری شینبوونەوەی بەرفراوان لەسەر جەستەی بینراوە.

هێزەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لێ کردووە و ناچاریان کردووە بڵێت لەگەڵ هاوڕێکانی باڵەخانەی ئیداره‌ بێهداشتی شاهین‌شاریان ئاگر تێبەرداوە؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان تەنیا لە حاڵەتی پێداکێشان بە دەرگای باڵەخانەکەدا نیشانی دەدەن و جیاوازیی ڕوون لەنێوان سیما و تایبەتمەندیی ئیلیا و کەسێکدا هەیە کە ئاگری لە شوێنەکە بەرداوە، کە دادگای ڕێژیم لەم بابەتەدا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو.

 ئیلیا چەندین جار لە دادگادا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشاردا لێی وەرگیراون.

ئەو لاوە بە تۆمەتی یەکەم، «تێکدانی بەئەنقەستی موڵک و کەرەستەی گشتی» بەشێوەی موحاربە سزای لەسێدارەدان، بە تۆمەتی دووەم، «کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئەمنییەتی میللی» سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، و تۆمەتی سێیەم، «چالاکیی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» نۆ مانگ بەندکران هاوکات دوو ساڵ قەدەغەی دەرچوون لە ئێرانی بەسەردا سەپێندراوە.