دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە تازەترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خێرای دژ بە تاران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە واشنگتۆن دەتوانێت "هەر بەیانی" هێرش بکاتە سەر ئێران یان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بگاتە ڕێککەوتنێکی گەورە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاناتۆلی"، ترامپ ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی لە بڕیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازی وتی: "ئێمە بیر لە ئەنجامدانی ئەم کارە دەکەینەوە و ڕەنگە هەر بەیانیش بێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ڕێژیمی تاران پێبەندی پەیمانەکان دەبێت یان نا.
سەرۆککۆماری ئەمریکا بە دووبارەکردنەوەی ئامانجی سەرەکیی واشنگتۆن جەختی کردەوە کە پێویستە پرسی چەکی ئەتۆمیی ئێران بۆ هەمیشە یەکلا بکرێتەوە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان سەبارەت بە زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆماری ئیسلامیی بە گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهان ناوزەد کرد و باسی لە سەرکوتکارییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و کوشتنی ٧٥ هەزار ناڕازی کرد.