کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەکاریی سەربازیی ئەمریکا لە دەریای عەرەب و ئەگەری هێرشی لەناکاو بۆ سەر ڕێژیمی تاران

13:01 - 3 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی «واڵ‌ستریت ژۆرناڵ» لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمریکاییەکانی جێگیر لە دەریای عەرەب، لەوانەش کەشتیی هەڵگرتنی فڕۆکەی «جۆرج واشنگتۆن»، بە وەرگرتنی بارێکی گەورەی مووشەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی زەمینی و بۆمبی سەرنگەرشکێن، خۆیان بۆ ئەگەری پەرەسەندنی پێکدادانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی داهاتوودا ئامادە دەکەن.

ڕۆژنامەی «واڵ‌ستریت ژۆرناڵ» لە زاری بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکاوە ڕایگەیاند، ئەم ئامادەکارییانە بۆ کاردانەوەی ئەگەری بڕیاری هێرشی سەربازیی دۆناڵد ترامپ دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەنجام دراون.

پێنتاگۆنیش ڕایگەیاند کە ئەرکی ئەرتەشی ئەمریکا ئامادەکردنی بژاردە سەربازییەکان و پێشکەشکردنیان بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەیە.

لە کاردانەوە بەم گۆڕانکارییانە، دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە تاران پلانی وردی بۆ کردنه ئامانجی کابلەکانی پەیوەندییە ژێردەریاییەکان لە کەنداو و بنکە سەربازییە شاراوەکان ئامادە کردووە تاکوو لە کاتی هێرشێکی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیلدا جێبەجێیان بکات.

 بەرپرسانی ڕێژیم جەختیان کردووەتەوە کە، لە کاتی ڕوودانی هێرشدا، ئیتر هیچ هێڵێکی سوور بوونی نابێت.

ئەم ڕووداوانە هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی ئامادەبوونی سەربازیی واشنگتۆن لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. پێشتر ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی لێکۆڵینەوە لە پلانەکانی هێرش لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بڵاو کرابوونەوە و فاکس نیوزیش باسی لە ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری «تێودۆر ڕۆزڤێڵت» بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو؛ هەنگاوێک کە بە هەژمارکردنی کەشتیی جۆرج واشنگتۆن، ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگەیەنێتە سێ کەشتی.