کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نایەکسانیی شوێنە پەروەردەییەکان لە لوڕستان؛ سەرانەی فەزای پەروەردەیی لەو پارێزگایە نزیکەی ٥.٤ مەتر چوارگۆشەیە

13:03 - 3 خەزەڵوەر 2726

دۆخی سەرانەی پەروەردەیی لە پارێزگای لوڕستان ئەگەرچی بەپێی بانگەشەی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ پاریزگاکانی دیکەی ئێراندا هاوسەنگە، بەڵام دابەشبوونی نایەکسانیی شوێنە پەروەردەییەکان وایکردووە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایە ڕووبەڕووی چڕیی شوێنی خوێندنی قوتابییان و کەمیی فەزای خوێندن ببنەوە.

سەید عیسا سۆهرابی، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە لوڕستان، بە ئاماژەکردن بەوەی کە پێوەرە گشتییەکانی سەرانە ناتوانن دۆخی ڕاستەقینەی دابەشبوون دەربخەن، ڕایگەیاند: «لەوانەیە لە ناوچەیەکدا فەزای پەروەردەیی زۆر هه‌بێت، بەڵام ناوچەیەکی تر لەگەڵ چڕیی شوێنی خوێندن و کەمیی جێگا بەرەوڕوو بن".

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ٣٢٠ پڕۆژەی پەروەردەیی لە پارێزگای لوڕستان دیاری کراون کە لە ئێستادا تەنیا دەوروبەری ٧٤ لەسەدیان تەواو کراوە.

هەروەها ئەو بانگەشەیەی ناوبراو لەکاتێکدایە کە داوای لە خێرخوازان کردووە کە لەو پێناوەدا یارمەتیدەر بن و بودجەی تەرخانکراو بەشی تەواوکردنی ئەو پرۆژانە ناکات.

سۆهرابی سەبارەت بە قوتابخانە مەترسیدار و کۆنەکانی ئەو پارێزگاکەش هۆشداریی دا و وتی: بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکان، نزیکەی ٦٠٠ فەزای پەروەردەیی لە لوڕستان مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە، کە زۆربەیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

جێی باسە لە ئەمساڵدا، ٣٦٠ هەزار قوتابی لە چوار هەزار و ٩٥٠ قوتابخانەی پارێزگای لوڕستاندا سەرقاڵی خوێندنن.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی لوڕستان، سەرانەی فەزای پەروەردەیی لەو پارێزگایەی نزیکەی ٥.٤ مەتر چوارگۆشە خەمڵاندووە ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە وڵاتی ئێراندا و لە شارێکی وەک تاراندا سەرانەی شوێنی خوێندن بۆ قوتابییان، ٨.٨٥ میتر لەبەرچاو گیراوە، لە پارێزگاکانی کوردستان ٦.٣٤ میتر و لە کۆی شارەکانی پارێزگای سنەشدا ٥.٧٨ میتر و لە شاری سنەدا ٥.٨٠ میتر و لە شاری مەریواندا، تەنیا ١.٤٣میترە.