کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشەکان لەژێر گوشاری گرانبوونی دەرماندا

13:04 - 3 خەزەڵوەر 2726

ڕێکخراوی بیمەی تەندروستیی ئێران بەشێک لە دەرمان دەرزی و سۆرۆمەکانی لە پۆششی بیمەیی خزمەتگوزارییە سەرپاییەکان دەرکردووە؛ بڕیارێک کە لە دۆخی گرانبوونی دەرمان و سەختیی دەستپێڕاگەیشتنی نەخۆشەکان بە پێداویستییە دەرمانییەکان، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر تێچووی چارەسەرکردن.

محەممەد مەهدی ناسحی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی بیمەی تەندروستی، ڕایگەیاند کە ئەم گۆڕانکارییە بە ئامانجی تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ خزمەتگوزارییە فریاگوزاری و خەواندن ئەنجام دراوە، بەڵام ناوی ئەو دەرمانانەی کە دەیگرێتەوە و ڕێژەی زیادبوونی تێچووی پارەدانی نەخۆشەکانی دەستنیشان نەکرد.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە کە بە وتەی سەرۆکی لێژنەی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، نرخی هەندێک لە دەرمانەکان لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ لەسەد زیادی کردووە. هاوکات، ڕاپۆرتگەلێک لەبارەی کەمیی دەرمان و ناتوانایی هەندێک لە نەخۆشەکان لە دابینکردنی تێچووی چارەسەریاندا بڵاو کراونەتەوە.

کەمکردنەوەی پۆششی بیمەیی لە دۆخێکی وادا دەتوانێت تێچووی زیاتر بخاتە سەر شانی نەخۆشەکان و دەستپێڕاگەیشتنی چینە کەمداهاتەکان بە چارەسەری پزیشکی دژوارتر بکات.