کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی خەڵکی سونقوڕ و ژنێکی سنەیی سزای قورسیان بەسەردا سەپا

13:11 - 3 خەزەڵوەر 2726

مۆنا دەباغ، خەڵکی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە و سەعید ئیجادی هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، سزای ۲۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مۆنا دەباغ، دوای بانگکران و ئامادەبوون لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەم شارە، بە مەبەستی تێپەراندنی ماوەی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها سەعید ئیجادی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە قەزوێن بە سەرۆکایەتیی ئەسەدی، سەرجەم سزای ۲۱ ساڵ بەندکرانی و سزای تەواوکەری بە سەردا سەپا.

لەم دواییانەدا دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە قەزوێن لە دۆسییەیەکدا بە ناوی «لاوانی شۆڕشگێری قەزوێن»، سەعید ئیجادی هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕی بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە سووتاندنی موڵکی گشتی» بە  ۱۰ ساڵ بەندکران، بەهۆی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتیی ناوخۆ» بە ۵ ساڵ بەندکران، بەهۆی «ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم» بە ۵ ساڵ بەندکران و بەهۆی «چالاکیی تەبلیغیی دژی ڕێژیم» بە ١ ساڵ بەندکران سزا داوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم سزایەدا، ۲ ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ۲ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەر لە ئێران وەک سزای تەواوکەر بۆ ناوبراو دەرچووە.