کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن: کۆماری ئیسلامی توانای دروستکردنی چەکی بە حوسییەکان داوە

08:14 - 4 خەزەڵوەر 2726

دەسەڵاتدارانی یەمەن تاران بە گواستنەوەی زانیاریی مەیدانی و تێکنۆلۆژیی مووشەکی بۆ حوسییەکان تۆمەتبار دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی یەمەنی بۆ گۆڕەپانی هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی دەریایی و گەرووی بابولمەندەب قۆستووەتەوە.

ئەفراح ئەلزەبەع، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی یاسایی یەمەن ئاشکرای کرد حوسییەکان بە پشتیوانیی کارناسان و ڕاوێژکارانی ڕێژیمی ئێران، توانای دروستکردن و مۆنتاژکردنی سیستمی بەرهەمهێنانی چەکیان لە نێوخۆی یەمەندا بەدەست هێناوە.

ئەلزەبەع، ئاماژەی بەوە دا کە تاران بە سپاردنی زانستی تەکنیکی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سەپاندنی ترسی سەربازی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبەوە، یەمەن بکاتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان.

وەزیری دەرەوەی یەمەن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕزگارکردنی وڵاتەکەیانە لەژێر چنگی "میلیشیا تێرۆریستەکان" و گەڕاندنەوەی بڕیاری سەربەخۆ بۆ دەوڵەت.

ناوبراو جەختی کردەوە حوسییەکان لە ماوەی گفتوگۆ و دانوستانەکاندا بۆ پڕچەککردنەوەی خۆیان و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە دەستدرێژکارانەکانیان کەڵکیان لە ڕەخساندنی دەرفەت وەرگرتووە، هەروەها تۆڕی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی شاخی ئەفریقادا بەهێزتر کردووە.

ئەلزەبەع مەرجی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتیی بە چەککردنی بێئەملاوئەولای حوسییەکان و دەسبەسەرداگرتنەوەی پێکهاتەی دەوڵەت دانا.

هاوکات لە پەرچەکردارێکدا بەرانبەر بانگەشەکانی تاران بۆ نێوبژیوانی، جەختی کردەوە ناوەندێک کە پشتیوانیی دارایی، ڕاهێنان، مووشەک و دڕۆن بۆ ئاگر خۆشکردن دابین دەکات، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ڕۆڵی نێوگژیوان بگێڕێت.