بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بەرهەمهێنراو بە ژیری دەستکرد کە تێیدا تەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە تێلاڤیڤ نیشان دەدات، هۆشداریی لە مەترسیی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تایمزئاف ئیسرائیل"، نێتانیاهوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی"یووڤال بلۆمبێرگ"، شیکاریی سیاسیی ڕاستڕەوی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە ئیسرائیل لەگەڵ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و بەرچاو بەرانبەر بوونی خۆی بەرەوڕوویە.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئەگەری ڕوودانی "هۆلۆکاستی دووەم" لەئارادایە و ئیدی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی وەک پرسی بەخشینی ئۆرتۆدۆکسەکان لە خزمەتی سەربازی و دۆسییەکانی دیکە بایەخیان نامێنێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، بوونی دۆناڵد ترامپ لە دەسەڵاتدا وەک دەرفەتێکی سنووردار بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی پێناسە کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە نەوەکانی داهاتووی ئیسرائیل لەدەستدانی ئەم دەرفەتە مێژووییە نابەخشن.