لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر گوتاری شەڕخوازانە دەکاتەوە، گوشارە دەروونی و ئابوورییەکان پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێرانیان خستووەتە لێواری داڕمان و سەرۆکی ڕێکخراوی سیستمی دەروونناسیی ئێران هۆشداریی دا کە کۆمەڵگە بە خێرایی لە "بارودۆخی نائاسایی تەندروستیی دەروونی" نزیک دەبێتەوە.
عەلیڕەزا ئاقایووسفی ئاشکرای کرد گوشاری بەردەوامی سەر بەستێنی ژیان، هەڵاوسان و ترسی بەردەوام لە ئاسۆیەکی تەمومژاوی، توانای خۆڕاگریی کۆمەڵگە دەپووکێنێتەوە.
ئاقایووسفی جەختی کردەوە کە ئەم ناڕوونییەی نێوان "نە شەڕ و نە ئاشتی" دەبێتە هۆی داڕمانی دەروونی و لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەی هەڵوەشانەوەی بنەماڵە و تەقینەوەی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی سەر هەڵدەداتەوە.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدا دەردەچن کە ڕێژیمی تاران بەردەوامە لە پشتگوێخستنی بژێوی هاووڵاتییان. گرانیی دەرمان و نەبوونی بیمە بۆ خزمەتگوزارییە دەروونییەکان، توێژە جیاوازەکانی بەرەو تێکچوونی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان پەلکێش کردووە.
ئەم داڕمانە کۆمەڵایەتییە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمە. تاران بە خەرجکردنی سامانی وڵات لە کردەوە شەڕخوازەکانی و پشتگوێخستنی ژێرخانی تەندروستی، ئەمنییەتی ئابووری و دەروونیی هاووڵاتییانی تێکداوە.