هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە توندتر دەکەنەوە.
بەناو نۆینەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی داوە کە هەر وڵاتێکی ناوچەکە خاک یان ئاسمانی خۆی بۆ هێرشی ئەگەریی ئەمریکا دژ بە ئێران بەکار بهێنێت، دەبێتە "ئامانجی ڕەوای سەربازی" و وڵامێکی سەختی دەدرێتەوە.
ڕوحوڵڵا مووسەوی بیدلی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی کاروباری نێوخۆ لە مەجلیسی ڕێژیم، بە ئاشکرا هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێ کرد و ڕایگەیاند، دروستکردنی هەر ئاسانکارییەک یان خستنەبەردەستی خاک و ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێزەکانی ئەمریکا بە "دوژمنکاریی ڕاستەوخۆ" دژ بە ئەمنییەتی میللیی ئێران هەژمار دەکرێت.
ئەم هەڕەشە نوێیانە لەکاتێکدا بەرز دەبنەوە کە ڕێژیمی تاران لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کارزارێکی بەرفراوانی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی بۆ سەر چەندین وڵاتی ناوچەکە ئەنجام داوە.
ڕیژیمی تاران وڵاتانی عەرەبی بە ئاسانکاری بۆ فڕۆکە و هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات؛ تۆمەتێک کە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بەتوندی ڕەت کراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، جەختی لە هەمان هەڵوێستی هەڕەشەئامێز کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت ڕێگری لە بەکارهێنانی جوغرافیاکەیان بکەن، بە پێچەوانەوە باجی ڕاستەوخۆی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەکان دەدەن.
بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و سەپاندنی گوشار بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، نیشانەی پەراوێزکەوتنی زیاتری کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی ناوچەییە. ئەم لێدوانانە تەنیا ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێژیمی ئێران کە خۆی سەرچاوەی سەرەکیی ئاڵۆزییەکانە، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە.