لە نێوەڕاستی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە دەرەکییەکان، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی فەرمانی "جێبەجێکردنی خێرا، پاشەکشەپێنەکراو و توندی سزاکان"ی لەلایەن موجتەبا خامنەیییەوە پێگەیشت؛ هەنگاوێک کە وەک کارزارێکی نوێی تاران بۆ تۆقاندنی سەرانسەری و ڕێگری لە ئەگەری هەر ڕاپەڕینێک هەڵدەسەنگێندرێت.
میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ غوڵامحوسێن موحێسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی بەناو دادوەری، جەختی لەسەر "جێبەجێکردنی خێرا و بەپەلەی سزاکان" لە دژی نەیاران کردووەتەوە.
ئەم لێدوانە لەکاتێکدا دەردەچێت کە دەزگای دادوەریی ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی ئێژەیی ئامرازی سەرەکیی تاران بۆ دەرکردنی سزای سێدارە دژ بە خۆپیشاندەران و سەرکوتکردنی ژنانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی سزای سێدارە بە شێوازێکی سیستماتیک بۆ دروستکردنی کەشی ترس لە کۆمەڵگەدا بەکار دێنێت.
دەرچوونی فەرمانی جێبەجێکردنی خێرای سزاکان لە سایەی زیادبوونی ئاماری سێدارەکاندا، پەیامێکی ڕوونە بەوەی کۆماری ئیسلامی بژاردەی سەرکوتی بێسنووری هەڵبژاردووە و ئەم سیاسەتە نیشانەی قوڵبوونی قەیرانی ڕەوایی ڕێژیمە، کە هەوڵ دەدات داڕمانی نێوخۆیی بە سێدارەدان و سەپاندنی سزای قورس بشارێتەوە.