فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند لە هاوینی ئەمساڵەوە لە ئاساییکردنەوەی هەناردەی زیاتر لە ١.٥ میلیارد بەرمیل نەوتی خاو هاوکاریی دەوڵەتانی کەنداویان کردووە، هاوکات فەرماندەی سێنتکام بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی مەیدانی، سەردانی گەرووی هۆرمۆزی کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکام، برەد کوپێر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕێگەی هەلیکۆپتێرێکی "CH-47 شینووک"ەوە بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا فڕیوە و لە نزیکەوە چاوەدێریی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە.
سێنتکام ئاشکرای کرد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەشتیی بازرگانی بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا بە سڵامەتی لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕیون.
کوپێر جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانە ناوچەییەکان لە کەنداو و کەرتی کەشتیوانی بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هۆرمۆز بەردەوامن.
سەردانەکەی فەرماندەی سێنتکام دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا پرۆسەیەکی سەرکەوتووی پاککردنەوەی ئاوەکانی هۆرمۆزیان لەو مینە دەریاییانە ئەنجام دا کە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە چێنرابوون.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، کوپێر چاوی بەو هێزانەی ئەمریکا کەوت کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی مینهەڵگرتنەوەدا کردووە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بەپێی هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانمان، هێڵە سەرەکییەکانی ترانزیت لە گەرووی هۆرمۆزدا لە مینە دەریاییەکانی ئێران پاککراونەتەوە و ئەمنییەت بۆ زیاتر لە ۹٥٪ی کەشتییەکان دابین کراوە.
سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەڕێوەبردنی ئەمنییەتی ئەم ئاوڕێگە نێودەوڵەتییە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانەکاندایە.