کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵامی توندی ئێمارات بۆ قاڵیباف: عەقڵییەتی وێرانکەری تاران مەینەتیی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بارهێناوە

09:10 - 4 خەزەڵوەر 2726

لەدوای هێرشەکانی قاڵیباف بۆ سەر بەربژێری ئێمارات بۆ سەرۆکایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسە باڵاکانی ئێمارات لە وڵامێکی تونددا کۆماری ئیسلامییان بە "هەناردەکردنی ناسەقامگیری" تۆمەتبار کرد و جەختیان کردەوە کە گوتاری تاران تەنیا خزمەت بە ئاڵۆزییەکان دەکات.

عەلی ئەلنەعیمی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری، نێوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی فێدراڵیی ئێمارات، لە وڵامی ڕەخنەکانی قاڵیباف سەبارەت بە بەربژێربوونی "لانا نوسەیبە" بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "ئەدەبیاتی ئێوە نوێنەرایەتیی هەمان ئەو عەقڵییەتە وێرانکەرە دەکات کە ڕەنج و مەینەتییەکی زۆری بۆ ناوچەکەی ئێمە بەدیهێناوە."

ئەلنەعیمی ڕوو لە قاڵیباف زیادی کرد کە لانا نوسەیبە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی، شایستەیی و ئازایەتی دەکات بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و جەختی کردەوە: "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شایستەی داهاتوویەکە کە ئاشتیپارێزان داڕێژەری بن، نەک ئەوانەی لە ئاڵۆزی و ململانێکان سود وەردەگرن."

هاوکات ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، لێدوانەکانی قاڵیبافی بە "بێ‌بنەما" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دامەزراوە، نەک سەپاندنی دوژمنکاری و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی.

ئەم کاردانەوە توندانەی ئێمارات دوای ئەوە هات کە قاڵیباف بەربژێربوونی نوسەیبەی وەک هەوڵێک بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە" وەسف کردبوو.

لانا نوسەیبە، دیپلۆماتکاری ئێماراتی و باڵیۆزی پێشووی ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی بۆ جێگرتنەوەی ئانتۆنیۆ گۆترێش بەربژێر کردووە، کە خولەکەی لە کۆتایی ساڵی ۲۰۲٦دا بەسەر دەچێت.