کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکاریی مافی تەندروستی و کەمتەرخەمیی سیستماتیک بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان

12:43 - 4 خەزەڵوەر 2726

بارودۆخی تەندروستی، پاکوخاوێنی و ژێرخانی نەخۆشخانەی بێعسەتی سنە، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی دەرمانی لە پارێزگای سنە، بە شێوەیەکی بەرچاو جێگەی نیگەرانییە و ناتەندروستە و تووڕەیی خەڵکی شاری سنە و ناوچەکانی دەوروبەری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، هاووڵاتییان ڕەخنەی توندیان لە دیواری ڕووخاو، ژینگەی پڕ لە پیسایی، ناپاقژبوونی ئاودەست، نەبوونی ئێمکاناتی سەرەتاییی پزیشکی و پاککردنەوە، ڕەخنە لە بەرپرسیارنەبوونی بەرپرسانی نەخۆشخانە و زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە گرتووە.

لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ماددەی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ١٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە دەرمانییە گونجاوەکان و ژینگەیەکی تەندروست لە مافە سەرەتایییەکانی هەر مرۆڤێکە.

شایانی باسە کەمتەرخەمیی بەرانبەر بارودۆخی دەرمانی و تەندروستی لە کوردستان و نەخۆشخانەکانی، نموونەیەکی ئاشکرای تەرخانکردنی نادادپەروەرانەی کەرەستە گشتییەکان و کەمتەرخەمییە لە دەستەبەرکردنی مافی ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان.