کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان لە چەند شاری ئێران دژ بە گرانبوونی نرخەکان و دواکەوتنی مووچەکەیان

12:45 - 4 خەزەڵوەر 2726

بەهۆی توندبوونەوەی گوشاری بژێوی، حەقدەستی ناتەواو و گوێنەدان بە ماف و داواکارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خەزەڵوەر، خانەنشینان و کرێکاران لە چەند شاری ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیی پۆڵا لە تاران، ئێسفەهان، ڕەشت، شووش و ئەهواز کۆ بوونەوە و داوای زیادکردنی مووچەی خانەنشینییان بەپێی هەڵاوسان و باشترکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان کرد.

خانەنشینان جەختیان لەوە کردەوە کە مووچەی ئێستا وڵامدەری تێچووی ژیان و دەرمان نییە و جێبەجێکردنی پابەندبوونە یاساییەکان هێشتا ڕووبەڕووی دواکەوتن بووەتەوە.

هاوکات، کرێکارانی پروژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای ئازادیی تاران بەرابەر بە نەدانی سێ مانگ مووچە و پێنج مانگ مافی بیمە ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە کانگای زێڕی ئاق‌دەرەش ڕاپۆرتەکان باس لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستی ٢٤ کرێکاری وەرزی و بێسەروبەرەیی دۆخی کارەکەیان دەکەن.

ئەم ناڕەزایەتییانە لەو بارودۆخەدا بەردەوامن کە هەڵاوسان و کەمبوونەوەی توانای کڕین، بژێویی کرێکاران و خانەنشینانی خستووەتە ژێر گوشارەوە و دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچە و کێشەکانی بیمە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەمنییەتی کار و دابینکردنی تێچووە سەرەتاییەکانی ژیانی زیاد کردووە.