کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی نرخی نەوت بە هۆی هەوڵە ناوچەییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان

12:50 - 4 خەزەڵوەر 2726

نرخی جیهانیی نەوت ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە سەردانی نێوبژیوانانی قەتەر بۆ تاران بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان بە هاواهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، لە بەرزترین ئاستی شەش مانگی ڕابردووەوە ڕووی لە دابەزین کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٨٩٪ دابەزی و گەیشتە ١١٤ دۆلار و ٥١ سێنت بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوکات نرخی نەوتی وێست تێگزاسی ئەمریکاش بە ڕێژەی ٢.١٦٪ دابەزی و بە ١٠١ دۆلار و ٤ سێنت مامەڵەی پێوە کرا.

ئەم دابەزینە لەکاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو، بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر عەرەبستان و پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە پچڕانی هەناردەی وزە، نرخی نەوتی برێنت ٦.٢٪ ڕووی لە هەڵکشان کردبوو، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی کۆتایی حەفتانە بوو لە نێوەڕاستی ساڵی ۲۰۲۲ەوە.