بەپێی دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتی بەهۆی ناستانداردبوونی ڕێگەوبانەکان و کارەساتی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.
مووسا ئەدیبفەر، سەرۆکی گشتیی پزیشکی دادی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤۲٤ هاووڵاتی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لە سەرانسەری پارێزگاکەدا گیانیان لەدەست داوە، کە لەو ژمارەیە ۳۳۷ کەسیان پیاو و ۸۷ کەسیان ژن بوون.
ناوبراو ئاشکرای کردووە کە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی ئەو کارەساتانەوە بریندار بوون، کە ڕێژەی برینداربوون بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٦٪ زیادی کردووە.
ئەدیبفەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاماری قوربانییانی سووتان کردووە و ڕایگەیاندووە لەم ماوەیەدا ۳٠ هاووڵاتی (۱۷ پیاو و ۱۳ ژن) بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە سایەی کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، نەبوونی ڕێگەوبانی ستاندارد و ژێرخانی گونجاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە هەزاران هاووڵاتی دەبنە قوربانیی کارەساتەکانی هاتوچۆ.