کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرداربوونەوەی ١٥٠ سەر مەڕ لە ماکۆ بەهۆی هەورەبرووسکە و لێزمەبارانەوە

13:00 - 4 خەزەڵوەر 2726

لە ئەنجامی بارینی تەرزە و هەورەبرووسکە لە ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی ماکۆ، زیانی ماددیی زۆر بە ئاژەڵداران کەوتووە و ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتی هاوڵاتییان مردار بوونەتەوە.

شەهلا تاجفەر، فەرمانداری ماکۆ ڕایگەیاند کە لێزمەباران و هەورەبرووسکە لە ناوچەی بازرگان و نزیک گوندەکانی "مەلهەم" و "گوڵئالی"، زیانێکی زۆری بە ژێرخان و سامانی هاووڵاتییان گەیاندووە.

فەرمانداری دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە ماکۆ ئاشکرای کردووە لەم ڕووداوەدا ١٥٠ سەر مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی ناوچەکە مرداربوونەتەوە و ٣٠ سەری دیکەش بریندار بوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە ڕێگەی پەیوەندیی "بازرگان" بۆ "بۆرالان" و هەندێک لە بینا و ژێرخانەکانی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە و کۆی گشتیی خەسارە داراییەکان بە ٥ میلیارد تمەن مەزەندە کراوە.

نەبوونی ژێرخانی گونجاو و ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارساتە سروشتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە چەندین میلیارد تمەن خەسار بە ئاژەڵداران و جووتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت بێ ئەوەی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ قەرەبوویەکی زیانپێکەوتووان بکەنەوە.