کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ۷ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارەکانی کوردستان و ئێران

08:23 - 5 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر، خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارەکانی تاران، ئێسفەهان، کرماشان، سنە، برووجێرد، تەورێز و ئیلام کۆبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوە برد. ئەوان داوای جێبەجێکردنی تەواوەتی پەیڕەوی ۸۹/۲۴، گونجاندنی یاسای مووچە و بەدواداچوون بۆ کێشە بژێوی و دەرمانییەکانیان کرد.

بەپێی زانیاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە داواکارانی "نێهزەتی میللیی مەسکەن" لە پڕۆژەی «فەرنیا بەهاران»ی سنە، لە ناڕەزایەتی بە درێژخایەنبوونی ڕەوتی دروستکردن، پێشکەوتنی خاوی پرۆژەکە و بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری تێچووی دروستکردنی خانووبەرە، لە بەرانبەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و شارسازیی پارێزگای سنە کۆ بوونەوە.

شایانی باسە کۆبوونەوەیەک کە دووهەمین ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵی ئەم داواکارانە بوو لە چەند مانگی ڕابردوودا و پێشتریش لە بەرانبەر پارێزگاریی سنە بەڕێوە چووبوو.

لە هەمان ڕۆژدا، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات لە شاری کرماشان دژی نادادپەروەری و هەڵاواردن دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانیش باسی لە کۆبوونەوەی ئەم خانەنشینکراوانە لە شارەکانی برووجێرد، تەورێز و ئیلام کردووە.