کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی سەربازیی عەرەبستان چەند دڕۆن و مووشەکی بالستیکی حوسییەکانی تێکشکاند

08:28 - 5 خەزەڵوەر 2726

عەرەبستان ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، چەندین دڕۆن و مووشەکی هاوێژراو لەلایەن یاخیبووانی حوسیی تێکشکاندووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

وتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازیی عەرەبستان، تورکی ئەلمالکی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەم هاوپەیمانییە ڕێگرییان لە چوار دڕۆن و سێ مووشەکی بالستیکی حوسییەکانی یەمەن کردووە کە بەرەو ناوچەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە هاویشتراون.

وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی ڕایگەیاند، چوار دڕۆنی هاوێژراو بەرەو ناوچەی باشوور و سێ مووشەکی بالیستیکی هاوێژراو بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵات، پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان ڕێگرییان لێکرا و تێکشکێنران.

ئەم وتەبێژە پێشتریش لە ڕۆژی ڕۆژی ڕابروودا هەواڵی لەناوبردنی سێ دڕۆنی هاوێژراوی بەرەو ناوچەی باشوور و ناوچەی ڕیازی ڕاگەیاندبوو.

ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە وەزیری بەرگریی عەرەبستان ڕۆژی دووشەممە هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسانی پاکستانی و تورکیە بۆ وتووێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەردانی تارانیان کردبوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکانی یەمەن، ڕۆڵێکی شەڕەنگێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەگێڕێت و ئەو گرووپە تێرۆریستییەی کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەناسرێت، بە هێرشکردنە سەر عەرەبستان، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی پەرە پێداوە.