کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ سیخوڕی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە کوەیت سزای سێدارەیان بۆ دەرچوو

09:22 - 5 خەزەڵوەر 2726

دادگای سزادانی کوەیت سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ کەسی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێرۆر، هاوکاری لەگەڵ سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەندامەتی لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵادا دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فرانس پرێس" لە سەرچاوە دادوەرییەکانی کوەیت، ئەم سێ کەسە کە سەر بە کەمینەی شیعەی ئەو وڵاتەن، تۆمەتبارن بە پلانداڕێژی بۆ تێرۆرکردنی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نێوخۆی کوەیت، هەروەها هەنگاونان دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوەیت و هاوکاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

یەکێک لە مەحکوومکراوان بە ناوی "حوسێن عەبدوڵڵا ئەلمەعتووق"، لە کەسایەتییە ئایینییەکان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نەتەوەیی ئیسلامیی کوەیتە.

هاوکات کەسێکی دیکە لە مەحکوومکراوان، پێشتر لە ساڵی ۲۰۱٦دا بە تۆمەتی کردەوەی تێرۆریستی دەسبەسەر کرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن ئەمیری کوەیتەوە لێبوردنی بۆ دەرچوو تاکوو ڕەزبەری ئەمساڵ کە دووبارە بەهۆی پەیوەندی بە تۆڕە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرایەوە.

دادگای کوەیت وێڕای دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ئەو سێ کەسە، ۱۱ تۆمەتباری دیکەی پەیوەندیدار بەم دۆسییەی بە ٥ ساڵ بەندکران و کاری زۆرەملێ مەحکووم کردووە.

دەوڵەتی کوەیت گرووپی حیزبوڵڵای وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە. لە دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وڵاتانی کەنداو دەیان کەسیان بە تۆمەتی هاوکاری و سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە.