کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی کارەبای کۆمەڵگەی وەرزشیی ئازادی بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە

09:40 - 5 خەزەڵوەر 2726

بەهۆی قەرزاربوونی زیاتر لە ٣٠ میلیارد تمەنی، کارەبای کۆمەڵگەی وەرزشیی ئازادی لە تاران بڕاوە و فێدراسیۆنە وەرزشییە جێگیرکراوەکان لەو کۆمەڵگەیەدا بێ کارەبا ماونەتەوە.

بڕانی کارەبای ئەم کۆمەڵگە وەرزشییە پێشتریش چەندین جار دووبارە بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم تاکوو ئێستا هیچ ڕێگەچارەیەکی دیاریکراویان بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئەم پچڕانی کارەبا و قەیرانە داراییە لەکاتێکدایە کە پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی یاریگای ئازادی تووشی دواکەوتنێکی زۆر بووە.

پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی ئەو یاریگایە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە دەستی پێکرد و بڕیار بوو لە ماوەی ١٨ مانگدا کۆتایی پێ بێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٨ مانگ، هێشتا ئامادەی بەکارهێنان و ڕادەستکردن نییە.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی وەرزشی ڕێژیم بەردەوام بەڵێنی کردنەوەی یاریگای ئازادییان داوە، بەڵام هیچ یەک لەو بەڵێنانە نەهاتوونەتە دی و کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە بەرانبەر دابینکردنی پێداویستییە سادەکانی وەرزشواناندا بەردەوامە.