کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ لە کوردستان؛ وەرگەڕانی ماشینی کرێکاران لە پیرانشار ٢٨ قوربانی لێکەوتەوە

10:10 - 11 رەزبەر 2726

لە ئاکامی وەرگەڕانی مینی بووسێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لە ڕێگای نەغەدە-پیرانشار، کرێکارێک گیانی لەدەست دا و ٢٧ کرێکاری دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، ئەم ڕووداوە بەیانیی ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەزبەر لە نزیک گوندی "قاڕنێ" ڕووی داوە و هێزەکانی فریاکەوتن دوای دەرهێنانی تەرمی کرێکارە گیانلەدەستداوەکە، بریندارەکانیان بۆ بنکە تەندروستییەکانی نەغەدە و پیرانشار گواستووەتەوە.

ئەم کارەساتە مرۆییە تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی هاتوچۆ نییە، بەڵکوو پەردە لەسەر قووڵیی سیاسەتی پەراوێزخستن و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لا دەدات.

جادە ناستاندارد و وێرانەکانی کوردستان ساڵانێکە کراونەتە "قوربانگەی هاووڵاتییان" و بەهۆی نەبوونی ژێرخانی شایستە و بەکارھێنانی ماشینی کۆن و بێکوالێتی کە هیچ پێوەرێکی سڵامەتییان تێدا نییە، گیانی هاووڵاتییان و کرێکاران بەردەوام لە مەترسیدایە.

لە کاتێکدا کرێکارانی وەرزی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچارن بە ئامرازی گواستنەوەی کۆن و مەترسیدار هاتوچۆ بکەن، کەمتەرخەمیی بەردەوامی بەرپرسانی ڕێژیم لە ئاست چاکسازیی جاددەکان و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی گواستنەوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە گیانی هاووڵاتییانی کورد هیچ بەهایەکی لەلای دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە نییە.