کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان؛ مانگرتنی بەندکراوان لە ٦٦ بەندیخانە

11:40 - 5 خەزەڵوەر 2726

لە ١٤٤ـەمین حەفتەی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی لە ٦٦ بەندیخانەی جیاوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سێدارەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نامرۆڤانەیەی ڕێژیمیان کرد.

بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئەو کارزارە کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەزبەر بڵاو کراوەتەوە، لە تەنیا ۲۰ ڕۆژی ڕابردووی مانگی ڕەزبەردا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٨٧ هاووڵاتیی لە سێدارە داوە کە لە نێویاندا ٧ بەندکراوی سیاسی و ٢ ژن هەن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی شەپۆلی نوێی سزای سێدارە کراوە؛ لەوانە پەسەندکرانی سزای سێدارەی بەندکراوی سیاسی "مەنووچێهر فەلاح" لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت، دەرکردنی سزای سێدارە بۆ خۆپیشاندەری عەرەب "ئیلیا بن ڕەشید" لە ئێسفەهان، بەندکراوی سیاسی "ڕەزا زەنگەنە" لە کەرەج و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی "حەسەن گوڵشەن‌نژاد" لە بەندیخانەی مەشهەد.

ئەندامانی کارزارەکە جەختیان کردووەتەوە کە ڕێژیمی سێدارە و سەرکوت، حوکمی سێدارە وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس، داخدارکردنی بنەماڵەکان و کپکردنەوەی دەنگی ڕەوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەکار دەهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، پشتیوانی لە هەڵوێستی "مای ساتۆ" ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕگەی مافی مرۆڤ لە ئێران کراوە و داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز، بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی و سەندیکاییەکان کراوە بۆ لەنێوبردنی مەترسیی ئامێری کوشتار و سێدارەی ڕێژیم، یەکیەتی و هاوپشتیی خۆیان بەهێزتر بکەن.