نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە زانیاریی سێ بەرپرسی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە حەفتەکانی پێش هەڵبژاردنی پارلەمانیدا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانیی نوێ دژی کۆماری ئیسلامی گوشاری هێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتیی ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، هۆکاری نێتانیاهوو بۆ گوشارهێنان بە مەبەستی هێرشکردن پێش هەڵبژاردن ڕوون نەبووە، بەڵام ئەیال زەمیر لە وڵامدا وتوویەتی کە ئەو ئەنجامەی کە پێویستییەکی بەپەلە یان لەناکاوە بۆ کردارێک، بوونی نییە.
هەڵسەنگاندنێکی لەم چەشنە لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ئەرتەشەوە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە، چونکە وەسفکردنی کاتی هێرشەکە وەک پێویستییەکی سەربازی قورستر دەکرد.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی نیویۆرک تایمز، زەمیر لە بنەڕەتدا دژی کردەوەیەک دژی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵام دژی ئەنجامدانی پێش هەڵبژاردن بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، زەمیر لە ڕۆژانی ڕابردوودا نیگەران بووە کە نێتانیاهوو بۆ کردارێکی تر دژی کۆماری ئیسلامی، لە ئاستێکی نزمتر لە هێرشی ئاشکرا، گوشار بهێنێت.
شایانی باسە نێتانیاهوو هاوکات لە ڕۆژانی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، ناکۆکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی کردووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پەیامەکانی و هۆشداریی داوە کە شکستخواردنی ئەو دەتوانێت بوونی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.
شایانی باسە ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردنی پارلەمانیی ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، کە بە چارەنوسسازترین هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا دادەنرێت، ئەمە یەکەم هەڵبژاردن دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس لە ٧ی ئەکتۆبەر و شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانییە.
لە پارلەمانی ئیسرائیلدا کە ١٢٠ کورسیی تێدایە، لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەش بوون: بەرەی ڕاستڕەو و توندڕەو: بە سەرۆکایەتیی حیزبی لیکود بە ڕێبەریی نێتانیاهوو، هاوپەیمانە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک شاس، یەهودووت هایتۆرا، و پارتە توندڕەوەکانی وەک ئۆتسما یەهوودییەت و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و ناوەندگەراکان: پارت و لایەنە میانڕەو و ئۆپۆزیسیۆنەکان کە هەوڵی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی درێژخایەنی نێتانیاهوو دەدەن.