کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کوشتنی کات بوو

12:06 - 5 خەزەڵوەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنی کۆماریخوازان لە ویلایەتی میسی‌سیپی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەرزی هاویندا کوشتنی کات بووە.

ترامپ جەختی کردەوە کە ئێمە ئاگربەستێکی کورتماوەمان جێبەجێ کرد کە من هەر لە سەرەتاوە حەزم لێ نەبوو؛ بە بڕوای من ئەم کارە تەنیا کوشتنی کات بوو، بەڵام پێمان خۆش بوو گوێ لە ڕاوێژکارە پسپۆڕەکان بگرین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە مەبەست لەو ئاگربەستە ڕێگەدان بووە بە هاتنەناوەوەی چەند کەشتییەک، بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا وێنەی بڕیارەکان بەرانبەر ئاژاوەگێڕییەکانی تارانی خستەڕوو و بەرگریی لە بەربەرەکانێی سەربازیی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کرد؛ ترامپ بە دووبارەکردنەوەی وتەی یەکێک لە یاسادانەرانی ئەمریکا وتی: "ئێمە شەڕمان لەگەڵ ئێران دەست پێ نەکرد، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی شەڕی بەسەر ئێمەدا سەپاند."

ترامپ هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە مەترسیی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی جەختی کردەوە، تاران مووشەکی وەهای پەرە پێداوە کە توانای پێکانی ئورووپای هەیە و تەنانەت دەتوانێت شارەکانی ئەمریکاش بکاتە ئامانج.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە مانگی ئاوریلی ڕابردوودا لەسەر ڕاگرتنی کاتیی پێکدادانەکان ڕێککەوتبوون و لە ۱۷ی ژوئەنیش یادداشتێکی لێکگەیشتنی ۱۴ بڕگەییان بۆ بنبڕکردنی ئاڵۆزییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕوودانی ئاڵۆزیی نوێ لە گەرووی هۆرمۆز، ئەو تێگەیشتنە تێکچوو و بە کردەیی شکستیشی هێنا.