کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: بە هاوکاریی ترامپ مەترسیی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە لەنێو دەبەین

12:09 - 5 خەزەڵوەر 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە بەنیازە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، مەترسی و هەڕەشەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەمیشە بنبڕ بکات و لەنێوی ببات.

نێتانیاهوو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، وێڕای وڵامدانەوە بۆ هەواڵە چەواشەکارییەکان سەبارەت بە ناکۆکی لەگەڵ "ئەیال زەمیر" فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک بەنیازی لادانی فەرماندەی ئەرتەش نییە و درێژە بە هاوکارییە نزیکەکانیان بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل دەدەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە: "مەبەستمه هەڕەشەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران بۆ هەمیشە لەنێو ببەم. ئەم کارەش بە هاوکاریی هاوڕێم، سەرۆککۆمار ترامپ، بە ئەنجام دەگەیەنم."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی زیاتری ناوچەکە هاوکار دەبن.

لەلایەکی دیکەوە، "یێسرائیل کاتس"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئیدیعای میدیاکانی سەبارەت بە کێشەی نێوان سەرۆکوەزیران و فەرماندەی ئەرتەش بە دەنگوباسی ناڕاست و بێ‌بنەما وەسف کرد و پەیوندیی نێوان ئیدارەی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە تۆکمە زانی.