لە هەڵوێستێکی نوێی نێودەوڵەتیدا بەرانبەر زۆربوونی سزاکانی کوشتن لە ئێران، ٨٨ ڕێکخراو، تۆڕی یاسایی، دەزگای مەدەنی و حیزبی سیاسی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی لەسێدارەداندا بڵاو کردەوە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی سەرجەم حوکمەکانی سێدارەدانیان لە کۆماری ئیسلامی کرد.
ئەم دامەزراوانە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان کردەوە کە ڕەوشی سەرکوتکردن، ئەشکەنجە و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە ئێراندا گەیشتووەتە ئاستی "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی."
هاوکات داوایان کرد کە ئەم ڕاپۆرتانە نەبنە بەڵگەی سەر کاغەز، بەڵکوو بۆ پێكهێنانی دۆسییەی دادوەری و دادگاییکردنی بڕیاردەران و جێبەجێکارانی ئەم حوکمانە لە دادگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا بخرێنە گەڕ.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە داوایان لە تەواوی شارەزایانی یاسایی، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ کرد کە بۆ سەپاندنی گوشاری هەمەلایەنە بە مەبەستی ڕاگرتنی سێدارەدان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری یەکبگرن.
ئەم بزووتنەوە بەرفراوانە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای کوشتن وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنێت.