کاناڵی هەواڵی "سیئێنئێن" ئاشکرای کرد کە وەزارەتی شەڕی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ ئەوەی تەنیا لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا پاش وەرگرتنی فەرمانی دۆناڵد ترامپ، هێرشی سەربازیی بەربڵاو و نوێ دژی ناوەندە سیاسی، سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێ بكات.
بەپێی ڕاپۆرتی سیئێنئێن لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاییەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ئامادەیی تەواودان و پێشبینی دەکرێت خولێکی نوێی هێرشەکان، بنکە جۆراوجۆرەکانی تاران لەوانە ژێرخانی ئابووری، بنکە سەربازییەکان و ناوەندە ئەتۆمییەکان بکاتە ئامانج.
شارەزایانی سەربازی جەخت دەکەنەوە کە پرسیارەکە لەسەر "ڕوودانی هێرشەکە" نییە، بەڵکوو تەنیا لەسەر "دیاریکردنی کاتی فەرمانەکە"ی ترامپە کە بە ئەگەری زۆرەوە پاش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خول لە ئەمریکا دەر دەچێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای هێرشی هاوبەشی پێشوەختەی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی واشنگتۆن داوایان لێ کردووە چاوەڕێی ئامادەکاریی تەواوی ئەمریکا بێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و کوشندەتر دژی تاران.
هەروەها دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە کە سەرباری ئەوەی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی توانای هێرشی پێشوەختەیان نییە، بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێکدا هەوڵی وڵامدانەوە دەدەن، بەم هۆیەشەوە واشنگتۆن کەمکردنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەکەدا دەست پێ کردووە.