کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شپیگڵ: نیشانەکان ئاماژە بە نزیکبوونەوەی شەڕی گشتگیر لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی دەکەن

08:32 - 6 خەزەڵوەر 2726

گۆڤاری بەناوبانگی "شپیگڵ"ی ئاڵمانی ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەر لە شیکارییەکی نوێدا ئاشکرای کرد کە ئاڵۆزییەکانی کەنداو ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبن و هەموو نیشانەکان بەرەو ئەوە دەچن کە شەڕێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زۆر نزیک بووەتەوە.

شپیگڵ نووسیویەتی: "ئێستا پرسیارەکە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا شەڕ دروست دەبێتەوە یان نا، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کەی ئەم ئاگرە دەگەشێتەوە."

بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی داهاتوو لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە دەبێت و ئامانجە سەرەکییەکانیش ژێرخانی ئابووری، بنکە ئەتۆمییەکان و ناوەندەکانی دروستکردنی دڕۆن و مووشەکی ڕێژیمن کە لە حەفتە و مانگەکانی ڕابردوو بەرنامەی بۆ داڕێژراوە."

لە بەشێکی دیکەی شیکارییەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی تاران بۆ تێکدانی هێڵی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز کراوە و جەخت کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی لەم گەرووەدا گوشار دروست بکات، بەڵام هاوڕێیەتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ کەشتییەکان ئەو کەرەستە گوشارەی کەمڕەنگ کردووەتەوە و هێرشە نوێیەکانی تاران بۆ سەر کەشتییەکان تەنیا کاتژمێری شەڕەکەی بەپەلەتر کردووە.

هەروەها گۆڤارەکە ئاماژەی بە جووڵەی سەربازیی ئیسرائیل و کێبڕکێ سیاسییەکان لە واشنگتۆن و تێلاڤیڤ کردووە؛ شارەزایانی ناوچەکە پێیان وایە کۆبوونه‌وەی ٣ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە ناوچەکە و ئامادەیی تەواوی هێزەکان لە سەرەتای مانگی نۆڤامبردا (پاش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خولی ئەمریکا)، بەستێن بۆ ڕووخاندنی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی تاران خۆش دەکات تا ڕێژیمی ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان یان ڕووبەڕووبوونەوەی داڕمانی یەکجاری بکەن.