لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان، نەبی سۆفی، هاووڵاتیی خەڵکی سایین قەڵا، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و هەرکام لە محەممەد ناسری وەرزشکار و خەڵکی هەرسین و کەیوان ئاشتاب پەرستاری خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەبی سۆفی خەڵکی سایین قەڵا کە تەنیا بەهۆی «بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام» دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، محەممەد ناسری، وەرزشکاری کورد و بەڕێوەبەری یانەیەکی لەشجوانی لە شارۆچکەی هەرسینی سەر بە کرماشان، دوای بانگکردن و ئامادەبوونی لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، کەیوان ئاشتاب، پەرستاری خەڵکی شاری مەهاباد، دوای بانگکردن و وەرگرتنی ئاگاداریی دادوەریی ڕێژیم، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای ٩ مانگ بەندکرانەکەی، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.